تەنەکانی نزیک زەوی
From Wikipedia, the free encyclopedia
تەنەکانی نزیک زەوی ئەوان تەنێکی ئاسمانی تاڕادەیەک بچووکن کە خولگەیان بە دەوری خۆردا بە خاڵە نزیکەکانی هەسارەی زەویدا تێدەپەڕن، بەپێی پێناسە فەرمییەکە، خولگەی تەنێک دەبێت زۆرترین یەکەی فەلەکناسان (نزیکەی ٤٥ ملیۆن کم) لە زەویدا بێت بۆ ئەوەی وەک "تەنێکی نزیک لە زەوی" شایستەی ئەوە بێت. ئەم تەنانە هەموو جۆرە تەنێک دەگرێتەوە کە لە بۆشایی ئاسمانی نزیک زەویدا گەشت دەکەن[1]، لەوانە هەزاران گەڕەستێرۆچکەی بچووک (بە کورتی پێیان دەوترێت NEA)، هەندێک لە کلکدار و نەیزەکەکان کە ئەوەندە گەورەن کە پێش ئەوەی بکەونە سەر زەوی چاودێری دەکرێن، تەنانەت کەشتییە ئاسمانییە دروستکراوەکانی مرۆڤ کە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، تەنەکانی نزیک زەوی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بوونەتە جێگەی سەرنجی زیادبوونی ئارەزووی زانستخوازان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زانایان زیاتر ئاگاداری ئەو مەترسییە دەبن کە ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ زەویدا هەبێت، دەتوانێت بۆ سەر زەوی مەترسی دروست بکات [2]، لە ئێستادا زۆرێک لە پڕۆژەکانی توێژینەوە لە ئارادان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە ئەگەری مەترسی پێکدادان، تا ئێستا فەلەکناسان نزیکەی دە هەزار تەنی نزیک زەوییان تۆمار کردووە کە ٪٩٩ یان وەک گەرەستێرۆچکەی بچووک پۆلێنکراون و ئەوانی دیکەش دوورەپەرێزن.
کاتێک گەرەستێرۆچکەی نوێ دەدۆزرێتەوە، زانیارییەکانی دەنێردرێت بۆ سەنتەری هەسارە بچووکەکانی یەکێتی فەلەکناسی نێودەوڵەتی (کە دەکەوێتە سەنتەری هارڤارد-سمیسۆنی بۆ فیزیای فەلەکییەکان ) هەر گەرەستێرۆچکەیەکی بچووک بدۆزرێتەوە کەتەلۆگ دەکرێت و بە فەرمی تۆمار دەکرێت. ئەم گەرەستێرۆچکە بچووکانە بە مەترسی بۆ سەر زەوی دادەنرێت کاتێک خولگەیان لەگەڵ خولگەی زەوی بە دەوری خۆردا نزیک یەکتریە [3]، بۆ نموونە ناسا لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە ئەرکێکی وەرگرتووە کە هەر یەکێک لەم تەنانە کە تیرەکەی لە کیلۆمەترێک زیاتر بێت، کەتەلۆگ بکات چونکە پێکدادانی تەنێکی بۆشایی ئاسمان بەم قەبارەیە یان زیاتر دەتوانێت ببێتە هۆی کارەسات لەسەر زەوی، بەپێی ئامارەکانی شوباتی ٢٠١٤، ٨٦٢ گەرەستێرۆچکەی بچووک لە نزیک زەوی تۆمارکراون کە ١٥٤یان وەک تەنی مەترسیدار (PHOs) پۆلێنکراون [4]. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیی NEOWISE (کە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن تەلەسکۆپی WEISS ئەنجامدراوە)، پێدەچێت ٩٣%ی هەموو گەرەستێرۆچکەکانی بچووکەکانی نزیک زەوی کە تیرەکەیان لە یەک کیلۆمەتر گەورەترە پێشتر دۆزراونەتەوە. [5] [6]