جەنگی جیھانیی یەکەم
جەنگێکی جیھانیی کە لە ئەورووپاوە سەر ھەڵدەدات / From Wikipedia, the free encyclopedia
جەنگی جیھانیی یەکەم یان یەکەم جەنگی جیھانی، ئەو جەنگە بوو کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ و ١٩١٨دا لە ئەورووپا دەستی پێکرد و پاشان ئەمریکا، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و بەشەکانی دیکەی ئاسیای گرتەوە. لە لایەن ھاوچەرخەکانەوە بە "جەنگی گەورە" ناودەبرێت. ئەم شەڕە یەکێک لە خوێناویترین ململانێکانی مێژووە کە ٩ ملیۆن کەس لە شەڕدا کوژراون و زیاتر لە ٥ ملیۆن خەڵکی مەدەنی بەھۆی داگیرکاری سەربازی، بۆردوومان، برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە. ملیۆنەھا قووربانی دیکەش لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕوویدا. ھەروەھا لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨ پەتایەکی گەورەی ئەنفلەوەنزای ناسراو بە ئەنفلەوەنزای ئیسپانی لە سەرانسەری جیھاندا بڵاوبووەوە و بەھۆی جووڵەی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکان خێراتر بوو.
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. |
جەنگی جیھانی یەکەم | |||||||
---|---|---|---|---|---|---|---|
وەک سوڕانی کاتژمێر لە سەرەوە؛ خەندەق بە درێژایی سنووری فەرەنسی-ئەڵمانی، زرێپۆشی مارک-٥ی بەریتانی بە خەندەقەکاندا ئەڕوات، کەشتی ژێر دەریایی بەریتانی نوقم بوو دوای پێکانی لە گەرووی دەردەنیلدا، ڕەشاشی فیکرزی بەریتانی، فڕۆکەی پاترۆس دی ٣ بۆ چەکی ئاسمانی ئەڵمانی. | |||||||
| |||||||
شەرکەرەکان | |||||||
ئیمپڕاتۆری ڕووسیا فەڕەنسا شانشینی یەکگرتوو ویلایەتە یەکگرتووەکان یۆنان ئیتاڵیا ڕۆمانیا سڕبیا پورتوگال بەلجیکا |
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەر |
لە ساڵی ١٩١٤، زلھێزەکانی ئەورووپا دابەش ببوون بەسەر ھێزی ھاوپەیمانان (فەڕەنسا, ڕووسیا و بەریتانیا) لەبەرامبەری وڵاتانی ناوەند(یەکێتی سییانی) کە پێک ھاتبوو لە ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان و ئیتاڵیا. گرژییەکان کاتێک دەستی پێکرد کە ئیمپڕاتۆڕییەتیی نەمسا-مەجارستان شانشینی سربیای گرت لە دەرئەنجامی کوژرانی شازادەی نەمسا-مەجارستان و ھاوسەرەکەی لەلایەن خوێندکارێکی سربییەوە. ڕووسیا ھەستا بە کۆکردنەوەی ھێزەکانی یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی جەنگی نەمسا-مەجارستان لەسەر سڕبیا، ئەڵمانیا ھێزی کۆکردەوە لە ٣٠ی تەممووز و فەڕەنسا ھێزەکانی کۆکردەوە لە ٣٠ی ئاب. ئەڵمانیا لە ھەمان ڕۆژدا جەنگی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا دوای ئەوەی بینی ڕووسیا وەڵامی داوای ئەڵمانیا ناداتەوە بە ڕاگرتنی کۆکردنەوەی سوپا، پاشان جەنگی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا، و بەلجیکای گرت کە ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد بێتە ناو جەنگەکەوە.
ئەڵمانیا لە ھەر دوو لاوە رووبەڕوی شەڕ ئەبۆوە. ستراتیژی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٤دا ئەوە بوو کە یەکەم جار لە بەرەی ڕۆژئاوا فەڕەنسا بگرێت و پاشان ھێزەکانی خۆی بگوێزێتەوە بۆ بەرەی ڕۆژھەڵات و شکست بە ڕووسیا بھێنێت. بەڵام پێشکەوتنی ئەڵمانیا بۆ فەڕەنسا شکستی ھێنا. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٤دا بەرەی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە کە تا ساڵی ١٩١٧دا ھیچ لالیەنێک پێشکەوتنی زۆری بەدەست نەھێنا. بەپێجەوانەوە سنوورەکانی بەرەی ڕۆژھەڵات زۆرتر ئەگۆڕا. نەمسا-مەجارستان و ڕووسیا خاکێکی زۆریان ئەگرت و لەدەستیان ئەدا. بەرە گرنگەکانی تر بریتی بوون لە بەرەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەرەی ئیتاڵیا و بەرە بالکان و کێشانی بولگاریا و ڕۆمانیا و یۆنان بۆ ناو جەنگ.
تا سەرەتای ساڵی ١٩١٥ ڕووسیا یەک لەدوای یەک شکستی ئەخوارد لە شەڕی دووانەکەی تانێنبێرگ و شەڕی دەریاچەی ماسووریا. ڕووسەکان لە ھەموو ئەو شەڕانەدا نزیکەی ٤٥٠ ھەزار سەربازیان لەدەستدابوو، تا ئەو کاتە سوپاکەی لاواز ببوو و ئەڵمانییەکان بەشێکی زۆری سوپاکەی بەرەو بەرەی ڕۆژھەڵات ناردبوو. گەمارۆدانی پرزێمیشل بۆ ڕووسەکان سەرکەوتن بوو بەڵام لە مانگی نیسان ئەڵمانییەکان دەستیان کردبوو بە داڕشتنی پلان بۆ ڕزگارکردنی گالیسیا. لە مانگی ئایار ئەڵمانییەکان ھێرشی گۆرلیس-تارنۆیان دەستپێکرد، ھێرشێک کە لە کۆتاییدا بوە ھۆی پاشەکشەی ڕووسیا. لە ٥ی ئاب وارسا لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە داگیرکرا و دواجار لە ئەیلوولی ١٩١٥ تەواوی پۆڵەندا و بەشێک لە پارێزگای مینسک داگیرکرا.
کەموکورتیەکان بەھۆی گەمارۆی دەریایی و بەرگرتن بە کاڵا لە لایەن ھاوپەیمانانەوە بووە ھۆی ئەوەی کە ئەڵمانیا لە سەرەتای ساڵی ١٩١٧دا شەڕی ژێردەریایی بێ سنوور دەستپێبکات و ئەمریکا کە پێشتر بێلایەن بوو لە ٦ی نیسانی ١٩١٧دا بچێتە ناو جەنگەوە. لە ڕوسیا بۆلشێڤیکەکان لە شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩١٧دا دەسەڵاتیان گرتە دەست و لە دانوستان لەگەڵ ئەڵمانیا لە پەیماننامەی بریست-لیتۆڤسک لە ٣ی ئازاری ١٩١٨دا ئاشتیان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەڵمانیایان ئازاد کرد. بەگواستنەوەی ئەم ھێزانە بۆ بەرەی ڕۆژئاوا، ستافی گشتی ئەڵمانیا پێیان وابوو کە پێش ئەوەی ھێزە سەرەکیەکانی ئەمریکا بتوانن کاریگەرییان لەسەر جەنگەکە ھەبێت سەرکەوتن بەدەست ئەھێنن. لە ئازاری ١٩١٨ھێرشی بەھاری ئەڵمانیایان دەستپێکرد و سەرەڕای سەرکەوتنە سەرەتاییەکان، بەخێرایی بە بەرگرییەکی زۆرەوە ڕاگیرا. لە مانگی ئابدا ھاوپەیمانان ھێرشی سەدان ڕۆژیان دەستپێکرد و ھەرچەندە سوپای ئیمپراتۆری ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە شەڕی سەختدا، بەڵام نەیتوانی پێشڕەوییەکەیان بوەستێنێت.
بەرەو کۆتایی ساڵی ١٩١٨، وڵاتە زلھێزە ناوەندییەکان دەستیان کرد بە داڕمان. بولگاریا لە ٢٩ی ئەیلول، عوسمانییەکان لە ٣١ی تشرینی یەکەم و پاشان نەمسا-مەجەر لە 3ی تشرینی دووەم ئاگربەستیان واژۆ کرد. قەیسەر ویلھێلم کە ڕووبەڕووی شۆڕشی ئەڵمانیا دەبێتەوە و ھێزە دەریاییەکانی سەرپێچی ئەکەن، لە ٩ی تشرینی دووەمدا دەست لەکار دەکێشێتەوە و حکومەتی نوێی ئەڵمانیا ئاگربەستی ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ی واژۆ دەکات و بەم شێوە کۆتایی بە جەنگی جیھانی یەکەم ھات. کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لە ساڵی ١٩١٩-١٩٢٠ چەند ڕێکەوتنێکی ھەمەجۆری بەسەر زلھێزە شکست کەوتووەکاندا سەپاند کە بە ناوبانگترینیان پەیمانی ڤێرسای بوو. ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی،ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانیای داگیرکار، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ئیمپراتۆرییەتیی نەمسا-مەجارستان بووە ھۆی ڕاپەڕینی زۆر و دروستکردنی چەند دەوڵەتی سەربەخۆ وەک پۆڵەندا، چیکۆسلۆڤاکیا و یوگۆسلاڤیا. شکستھێنان لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکی و ناسەقامگیریانەی جەنگی جیھانی یەکەم بوە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی دووەم لە ئەیلولی ١٩٣٩.[1]
بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بەکار ھات ھەروەھا بۆ یەکەم جار خەڵکی مەدەنی لە ئاسمانەوە بۆردومان کران لە میژوودا.
شەرەکە قوربانی گیانی وای بە خۆیەوە بینی کە پێشتر مێژوو نەیبنیبوو، بنەماڵە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی ئەورووپا ڕووخان کە دامەزراندیان ئەگەڕایەوە بۆ شەڕەکانی خاچھەڵگرییەکان، و نەخشەی سیاسی ئەورووپا گۆڕانکاری بەسەردا ھات.
جەنگی جیھانی یەکەم بە کۆکێک ھەژمار ئەکرێت بۆ بزوتنەوە ئایدۆلۆژییەکانی وەک شوعییەت و ململانێکانی دواتر وەک جەنگی جیھانی دووەم، و تەنانەت شەڕی سارد.
شەڕەکە سەرەتایەکی نوێی بۆ جیھانی نوێ پێک ھێنا و کۆتایی ئەرستۆقراتی و شانشینە ئەوروپییەکان بوو، ھەروەھا سەرەتایەک بوو بۆ شۆڕشی تشرینی یەکەم (بەلشەفی) لە ڕووسیا کە ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی سیایەتی گۆڕی لە چین و کووبادا و ھەروەھا ڕێگەی جەنگی ساردی کردەوە لە نێوان ھەردوو زلھێز وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێتدا، و ھەڵکشانی نازییەکان دەرکەوت لە شکاندنی ئەڵمانیا لە شەڕەکەدا و چەندین کێشەی ھەڵپەساردراوی ھێشتووە لە دوای شەڕەکە، و شەڕ و جەنگەکان شێوەیەکی نوێیان وەرگرت بە ھاتنە ناوەوەی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی گەورە و تێوەگلانی ھەندێک لایەن کە توانای شەڕی نەبوو وەک خەڵکە مەدەنییەکان، کاتێک پێشتر شەڕ لە گۆڕەپانەکانی جەنگا ڕوویان ئەدا دوور لە شارەکان، لەم شەڕەدا شارەکان بە دانیشتوانە زۆرەکەیانەوە بوونە گۆڕەپانی شەڕ و ئەمەش بوو بە ھۆی کەوتنەوەی ملیۆنان قوربانی.
ڕووسیا بەڵێنی بەرگری کردنی دا لە سڕبیا، و ھەستا بە جوڵاندنی ھێزەکانی لە ئەنجامی فشاری ژەنەڕاڵە ڕووسییەکان، و ئەڵمانیا داوای لە ڕووسیا کرد کە ھێزەکانی نەجوڵێنێت و ھێزەکانی لابات لە حاڵەتی ئامادەباشی، و کاتێک ڕووسیا وەڵامی داواکەی ئاڵمانیای نەدایەوە ئەڵمانیا جەنگی ڕاگەیاند بەسەر ڕووسیادا لە ١ی ئابی ١٩١٤ و پاشان جەنگی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا لە ٣ی ئاب.