دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان
From Wikipedia, the free encyclopedia
دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرزترین دادگای دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. لەبەر ئەمەشە دادگاکە سەرپەرشتی لقی دادوەری حکوومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات. ئەمە تاکە دادگایە کەوا بەپێی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان دامەزرابێت. بڕیارەکانی دادگاکە دەبێت لەلایەن سەرجەم دادگاکانی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیڕەو بکرێت.
کۆبوونەوەی دادوەرانی دادگاکە لە باڵەخانەی دادگای باڵا لە واشینگتن دی سی بەڕێوەدەچێت. بڕیارە یاسایییەکانی پۆلیسی دادگای باڵا جێبەجێی دەکات
دادگای باڵای ئەمریکا ھەندێک دۆسیەی تایبەت ھەڵدەبژێرێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدات. زۆر لایەن دۆسیەکەیان دەبەنە بەردەم دادگای باڵا، بەڵام دادگاکە زۆربەیان ڕەت دەکاتەوە و وەریان ناگرێت و بۆ دادگایەکی نزمتریان جێدەھێڵێت. بۆ ئەوەی دادگای باڵا دۆسیەیەک وەرگرێت، دەبێت دۆسیەی ناوبراو دەربارەی یاسای فیدراڵی بێت. دۆسیەکە دەبێت سەرەتا لەلایەن دادگای ویلایەت بڕیاری لەسەر درابێت، ئینجا بھێنرێتە بەردەم دادگای باڵا.
دادوەرانی دادگاکە تا کۆتایی ژیانیان خزمەت دەکەن مەگەر خانەنشین بن یاخود لەکار لابردرێن. ئەگەر دادوەرێک خانەنشین بێت، دەکرێت لە دادگای تێھەڵچوونەوە بەردەوام بێت لە خزمەت. دادوەرانی نوێ سەرەتا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە دەپاڵێورێن، دواتر لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پەسەند دەکرێن.