فرێدریک شۆپان
ئاوازدانەر و پیانۆژەنی پۆڵەندی / From Wikipedia, the free encyclopedia
فرێدریک فرانسوا شۆپان (بە فەڕەنسی: Frédéric François Chopin; [ʃɔpɛ̃] ( گوێگرتن); ئینگلیزی: /ˈʃoʊpæ̃/; پۆڵەندی: [ˈʂɔpɛn]؛ ١ی ئازاری ١٨١٠–١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩) ئاوازدانەرێک و پیانۆژەنێکی داھێنەریی پۆڵەندیی سەردەمی ڕۆمانتیک بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی مۆسیقای بۆ ئامێری پیانۆ دەنووسییەوە. بەھۆی مۆسیقاکەیەوە، شۆپان لە سەرانسەری جیھاندا ناوبانگی دەرکردووە و بە نوێنەری مۆسیقاژەنانی کاتی خۆی ناودەبرێت. شۆپان بە بلیمەتێکی مۆسیقی، کە تەکنیکەکەی بۆ نەوەکەی خۆی بێبەراورد بووە، ناوی دەرکردووە.[1]
فرێدریک شۆپان | |
---|---|
لەدایکبوون | (١٨١٠-0٣-0١) ١ی ئازاری ١٨١٠ |
مەرگ | ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩(١٨٤٩-١٠-١٧) (٣٩ ساڵ ژیاوە) |
ھۆکاری مەرگ | دەردەباریکە |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی پێر لاچێیس، پاریس، فەڕەنسا |
نیشتەجێی | پاریس، فەڕەنسا |
نەتەوە | پۆڵەندی |
پیشە | مۆسیقاژەن، مامۆستای مۆسیقا |
ئایین | کاتۆلیکی |
باوان(ەکان) | یۆستینا شۆپان و نێکۆلاس شۆپان |
پیشەی مۆسیقی | |
چەشن | مۆسیقای کلاسیک |
ئامێرەکان | پیانۆ |
واژوو | |
شۆپان لە باوکی، نێکۆلاس شۆپان، و دایکی، یۆستینا شۆپان، لە گوندی ژێلازۆڤا ڤۆلا لەدایک بووە و لە شاری وارساو گەورە بووە، کە دواتر لە ساڵی ١٨١٥ بووە بەشێک لە کۆنگرەی پۆڵەندا. ئەو مناڵێکی بلیمەت بووە و پەروەردە مۆسیقییەکەی و زۆرینەی کارە سەرەتایییەکانی لە وارساو تەواو کردووە پێش بەجێھێشتنی پۆڵەندا لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نیشتەجێ بوو. لە ماوەی کۆتا ١٨ ساڵی ژیانیدا، تەنیا ٣٠ نمایشی ڕاستەوخۆی پێشکەش کرد، چونکە حەزی بە کەشە ڕۆمانتیکەکانی ساڵۆنەکان دەکرد بەراورد بە کەشی شانۆ. شۆپان بە فرۆشتنی کارە مۆسیقییەکانی و پێدانی وانەی پیانۆ داھاتی دەست دەکەوت، کە خواستێکی زۆر لەسەر ھەردووکیان ھەبوو. شۆپان پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی لەگەڵ فرانز لیست دروست کردبوو و زۆرێک لە مۆسیقاژەنانی تری نەوەی خۆی، وەک ڕۆبێرت شومان، ئەویان خۆشدەویست.
لە ساڵی ١٨٣٥دا، شۆپان شارۆمەندێتیی فەڕەنسی بەدەستھێنا. دوای ھەوڵدانێکی مارەیی شکستخواردوو لەگەڵ ماریا ڤۆدزینسکا لە ١٨٣٦–١٨٣٧، ئەو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی ناجێگیری لەگەڵ ئەمانتین دوپا دروست کرد. دوای سەردانێکی کورت و ناخۆش بۆ دوورگەی مایۆرکا لە ئیسپانیا لەگەڵ دوپا لە ساڵی ١٨٣٨–٣٩، شۆپان دەستی کرد بە بەرھەمھێنانی ھەندێک لە باشترین ئاوازەکانی، ئەم دەمە بە بەرھەمدارترین ماوەی شۆپان دەناسێندرێت. لە نزیک کۆتایی تەمەنییەوە، شۆپان داھاتی لەلایەن یەکێک لە گوێگرە سەرسامەکانی بەناوی جەین ستێرلینگ بەدەست دەھێنا؛ ھەمان ئەو کەسەی کە لە ساڵی ١٨٤٨ گەشتێکی بۆ شۆپان ڕێکخست بۆ سکۆتلەندا. بۆ زۆرینەی ژیانی، تەندروستیی شۆپان ناباش بوو، ھەتاکوو دواتر لە ساڵی ١٨٤٩دا لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ھۆکاری مەرگەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ دەردەباریکە، ھەمان نەخۆشی کە بووە ھۆی مەرگی باوکی.
ھەموو کارە مۆسیقییەکانی شۆپان ئامێری پیانۆیان لەخۆگرتووە. زۆرینەیان ئاوازی تاکژەنیی پیانۆن، بەڵام ئەو ٢ ئاوازی بۆ کنچێرتۆی پیانۆ و ھەندێک پارچەی چامبەریش نووسیوەتەوە، لە پاڵ ١٩ گۆرانیدا کە دەقەکەیان بە زمانی پۆڵەندی نووسراونەتەوە. ئاوازەکانی کە شۆپان بۆ پیانۆی دەنووسینەوە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئاڵۆز بوون و زۆرینەی کات توانای ئامێرەکانی پیانۆی ئەو کاتەی تێدەپەڕاند. مۆسیقاکانی بە نەرم و ناسک ناودەبران. شۆپان داھێنەری بیرۆکەی بەڵادی ئامێری بوو. کارە گەورەکانی پارچەی مازورکا، ڤالز، نۆکچرن، پولونێز، ئێتوود، ئیمپرامپتو، شێرزۆ، پرێلوود و سۆناتاشیان لەخۆ دەگرت؛ ھەندێکیان تەنیا دوای مردنی بڵاوبوونەوە. مۆسیقاکانی شۆپان کاریگەری مۆسیقای فۆڵکی پۆڵەندی و ھونەرمەندانی وەک باخ، مۆتسارت و شوبێرتیان لەسەر بوو؛ لە پاڵ ئەمانەش، کەشی ساڵۆنەکان ھاندەربوون لە نووسینەوەی مۆسیقادا، کە شۆپان زۆرینەی کات لەو ساڵۆنانەدا میوان بوو. داھێنانەکانی شۆپان لە شێوەی مۆسیقا و ھارمۆنیدا لەگەڵ خستنەپاڵی ناسیۆنالیزم بە مۆسیقاکانی، بەدرێژایی و تەنانەت دوای دەمی ڕۆمانتیکیش بە کاریگەرییەکی مەزن دادەنران.
مۆسیقاکەی شۆپان، ناسناوەکەی کە «بلیمەتی مۆسیقی» بوو، کاردانەوە ناڕاستەوخۆکانی لەسەر سیاسەت، ژیانە ئەوینییە ئاست بەرزەکەی و جوانەمەرگییەکەی؛ ھەموو ئەمانە شۆپانیان کردووە بە ھێمای سەرەکیی سەردەمی ڕۆمانتیک. ھەتاکوو ئەمڕۆش کارەکانی شۆپان ناوبانگی خۆیان پاراستووە و بوونەتە ھۆکاری دروستبوونی چەندین بەڵگەفیلم و فیلمی ژیاننامەیی و بوونەتە کاریگەری لەسەر چەندین مۆسیقاژەنی ھاوچەرخ.