لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ کەنارەکانی دەریای خەزەر
From Wikipedia, the free encyclopedia
لەشکرکێشی ڕووسەکانی ڤارانجی بۆ دەریای خەزەر (بە ئینگلیزی: Caspian expeditions of the Rus)؛ زنجیرەیەک ھێرشی سەربازی بوون بۆ سەر کەنارەکانی دەریای خەزەر لە نێوان ساڵانی ٨٦٤ بۆ ١٠٤١ ی زایینی.[1] ڕووسەکانی ڤارانجی بۆ یەکەمجار لە سەدەی نۆی زایینیدا وەک بازرگانانی پێست و ھەنگوین و کۆیلە لە خاکە ئیسلامییەکان (سارکلاند) دەرکەوتن.[پانوشت 1] ئەم بازرگانانە پێشتر لەسەر ڕێگای بازرگانی ڤۆڵگا، کاری کڕین و فرۆشتنیان دەکرد.
یەکەم ھێرشیان لە نێوان ساڵانی ٨٦٤ بۆ ٨٨٤ بە قەبارەیەکی بچووک دژی ئەلەڤییەکانی تەبەریستان ڕوویدا. یەکەم ھێرشی گەورەی ڕووسەکان لە ساڵی ٩١٣ ڕوویدا و بە ٥٠٠ کەشتی درێژ شاری گورگان و دەوروبەرییان تاڵان کرد. لەم ھێرشەدا ھەندێک کاڵا و کۆیلەیان بردە تەرەج و لە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ باکوور، لە ڤۆڵگا دێڵتا، لەلایەن خەزەرە موسڵمانەکانەوە ھێرشیان کرایە سەر و ھەندێکیان توانیان ھەڵبێن، بەڵام لە ناوەڕاستی ڤۆڵگادا کوژران. دووەم داگیرکاری گەورەی ڕووسەکان بۆ دەریای خەزەر لە ساڵی ٩٤٣ ڕوویدا. لەم ماوەیەدا ئیگۆری یەکەم، فەرمانڕەوای کیێڤ ڕووس، سەرۆکی ڕووسەکان بوو. دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی خەزاری بۆ تێپەڕینێکی سەلامەت بەناو ناوچەکەدا، ڕووسەکان پێشڕەوییان کرد بۆ ڕووباری کورە و قووڵایییەکانی قەوقاز، و لە ساڵی ٩٤٣ سەرکەوتوو بوون لە گرتنی بەندەری بەردێیا، پایتەختی ئێران (ئێستا کۆمارێک لە ئازەربایجان). ڕووسەکان چەند مانگێک لەوێ مانەوە و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی شارەکەیان کوشت و موڵک و ماڵییان تاڵان کرد. تاکە ھۆکاری گەڕانەوەیان سەرھەڵدانی تاعون بوو لە نێویاندا. سڤیاتۆسلاڤی یەکەم، شازادەی کیێڤ ڕووس، لە ناردنی سەربازی داھاتوودا بۆ دەریای مازەندەران، لە ساڵی ٩٦٥، فەرمانی بە سەربازەکانی کرد حکوومەتی خەزاری لەناوببەن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن باجیان پێ بدەن. لەناوچوونی خەزارەکان کۆنترۆڵی ڕێگا بازرگانییەکانی باکوور و باشووری ڤۆڵگا لە ڕێگەی چەم و دەریای ڕەشەوە بۆ پاشاکانی ڕووسیای کیفی دابین کرد. جگە لەوەش، خەباتەکانی سڤیاتۆسلاڤ بووە ھۆی گەشەسەندنی دانیشتووان و کولتووری سلاڤەکان کە ڕووسەکان تێکەڵیان بوون لەگەڵیان، لە ناوچەکانی نێوان ناوچەی چەمی و دارستانەکانی سالتۆڤۆ-مایاکی.
لە ساڵی ١٠٣٠ ڕووسەکان دەڤەری شێرڤانیان داگیر کرد و حاکمی گەنجە بڕە پارەیەکی زۆری پێداون بۆ ئەوەی ھاوکار بن لە سەرکوتکردنی یاخیبوونی بیلقان. دوای ساڵێک و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٠٣١دا، ڕووسەکان لە نزیک باکوو شکستیان ھێنا و دەرکران. لە ساڵی ١٠٣٢ ڕوسەکان ھێرشێکی تریان کردە سەر شێرڤان، لەو ھێرشەدا ئەلانەکان و سێریراکان پەیوەندییان پێوە کرد. موسڵمانە ناوخۆیییەکان لە ساڵی ١٠٣٣دا شکستیان بە ڕووسەکان ھێنا. پاشان، ڕووسەکان لە حەوزی دەریای خەزەرەوە ھێرشیان کرد و دوای ماوەیەکی کورت یارمەتی ئۆغوزەکانیان دا لە شەڕەکانی خورەزم. دوا قۆناغی ناردنی سەرباز و ھەڵمەتی ڕووسەکان بۆ دەریای خەزەر لە ساڵی ١٠٤١ لەلایەن ئینگڤاری دووربینەوە ئەنجامدرا بە مەبەستی بەشداریکردن لە شەڕەکانی نێوان گورجستان و ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی، کە تێیدا ھێزەکانی ڤارانجیای ڕووسی ھەروەھا بەشداری لەم گەشتەدا کردووە. ڕەنگە مەبەست لەم ھەڵمەتانە کردنەوەی ڕێگا بازرگانییە کۆنەکانی ڕووسەکان بووبێت؛ وەک ئەو سەردەمە ڤۆڵگا و بولگارەکانی کاسپیان ئیتر بەربەستی گەورە نەبوون. دوای ئەوە ھیچ کارێکی ھاوشێوە لەلایەن ڕووسەکانی ڤارانجیاوە نەکرا و بەم شێوەیە ڕێگای نێوان دەریای باڵتیک و دەریای خەزەر ھەرگیز نەکرایەوە.