ڕووباری مەزنی دەستکرد
From Wikipedia, the free encyclopedia
پڕۆژەی ڕووباری مەزنی دەستکرد (بە عەرەبی: النهر الصناعي العظيم، بە ئینگلیزی: Great Man-Made River) بریتییە لە گەورەترین پڕۆژەی گوستنەوەی ئاو لە جیھاندا، لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٨ موعەمەر قەزافی سەرۆکی شۆڕشی گەلی لیبیا بەردی بناغەکەی دانا وەک پێشگیرییەک لە ڕووبەرووبوونەوەی وشکە ساڵی و تێنوێتی خەڵکی لیبیا،[1] بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە درێژەپێدەری ھەمان پڕۆژەی ڕووباری دەستکردی ناوچەی سەریرە لە شاری جالۆ کە موعەممەر قەزافی لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٤ جێبەجێی کرد.[2]
پشت ئەستوور بە توێژینەوە ھونەری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ئەم پڕۆژەیە چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئاوی سازگاری دابین دەکرد بۆ ھەموو ئەو ناوچانەی کە زەوی کشتوکاڵیان ھەیە یان ئەو ھەرێمانەی کە زەوی شێداریان ھەیە و بەکاری کشتوکاڵ کردن دێن ئەگەر بێت و ئاویان پێ بگات، بەجۆرێک پڕۆژەکە لە توانایدایە ڕۆژانە ٦٫٥ میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاو بگوزێتەوە لە ناو جەرگەی بیابان و نشینگەی بیابان نشینان بۆ ناوچە کەناراویەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون.[3]
پڕۆژەکە لە ڕێگای دامەزراندنی لولەی ئاوی مەزن ئاو لە مێرگەکانی بیابان دەگوازێتەوە بۆ ناوچە وشک و بێ ئاوەکانی ھەموو خاکی لیبیا کە لەژێڕ خاک شاردراونەتەوە دوور لە تیشکی خۆر، تیرەی ھەر لولەیەک چوارمەترە بە پێکبەستنی لولەکان ڕووبارێکی مەزن درووست بوون بەجۆرێک لە قۆناغی یەکەم چوارھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی بەراوکرد، کە لە مێرگەکانی ئابار و کفرە و سەریر لە خۆڕھەڵاتی باشوورەوە ئاوی دەگەیاندە مێرگەکانی فزان و جەبەل حەساونە لە باشووری خۆڕئاوا و لەوێشەوە بەرەو باکوور و شارە گەورەکان.[4] دواتر ڕووبارەکە بوو بە دوو ڕووبار کە ئەوەی دووەم لە مێرگەکانی گەدامس و جەغبوبەوە ئاوی دەھێنا بۆ ڕووبارە سەرەکییەکە، ڕووبارەکە بە یەکێک لە ڕووبارەکانی ئەفریقا ھەژمارکرا و لەسەر نەخشە جێی بۆ کرایەوە. ڕووباری یەکەم لەباشوورەوە تا دەگەیشتە باکوور پێنج دەریاچەی دەستکردی پڕ ئاو دەکرد قەبارەی ھەر دەریاچەیەک چوار میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی دەگرت، کە ھەر پێنجیان بە درێژایی ساڵ پڕ ئاون،[5] ئەم پڕۆژەیە لیبیای لە وشکە ساڵی دوورخستەوە بۆ چەندین سەدەی داھاتوو.[6] کۆی درێژی ڕووبارەکە ١٦٠٠ کیلۆمەترە و پتر لە ٧٠٪ ئاوی خواردنەوەی سەرجەم لیبیا دابین دەکات، درێژترین تۆڕی ئاوە لەسەرانسەری جیھان. بڕی ٢٬٨٢٠کم درێژی لولەکانە کە لەژێڕ زەوی ڕاکێشراون. پتر لە ١٣٠٠ بیری ھەڵکۆلدراو لەخۆدەگرێت کە قوڵی ھەر بیرێک ٥٠٠ مەترە، ئەم ڕووبارە ڕۆژانە ٦٬٥٠٠٬٠٠٠ مەتری چوارگۆشە ئاو بۆ شاری بەنگازی و تەرابلس و سرت و ناوچەکانی نزیکیان دابین دەکات. سەرۆکی پێشووی لیبیا موعەمەر قەزافی بە «ھەشتەمیین سەرسوورھێنەری جیھان» ناوزەندی دەکرد.