ژێرسوور
From Wikipedia, the free encyclopedia
تیشکی ژێر سوور (بە ئینگلیزی:Infrared Rays) تیشکێکی نەبینراوە بەشێکە لە تیشکی کارۆموگناتیسی کە لەرەلەری کەمترە لەو لەرەلەرەی کە چاو ھەستی پێ دەکات لەبەر ئەوە نابینرێ بەڵام ھەستی پێ دەکرێ لە ڕێگەی گەرمی، کە لەکۆتایی شەبەنگی کارۆموگناتیسی بینراو دایە کە درێژی شەپۆلی لە نێوان (٠. ٧ - ١) مایکرۆمەترە. خۆر سەرچاوەی سەرەکی تیشکی سروشتییە بۆ ھەموو جۆرە وزەیەکی کارۆموگناتیسی، ئەو تیشکەی کە خۆر دەینێرێ بەشێوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی لە سێ بەش پێک دێ کە درێژی شەپۆلی جیاوازیان ھەیە کە ئەمانەن:
- تیشکی سەرو وەنەوشەیی کە لە سەدا دووی(٢ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.
- تیشکی بینراو کە لە سەدا چل و حەوت(٤٧ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.
- تیشکی ژێر سوور کە لە سەدا (٥١ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.
تیشکی ژێر سوور تیشکێکی گەرمیدارە و نەبینراوە کە خۆر سەرچاوەی سروشتییەتی دەکرێ لە سەرچاوەی دەستکرد بەرھەم بھێنرێ، درێژی شەپۆلی تیشکی ژێر سوور ھەمان درێژی شەپۆلی بەشی رووناکی لە شەبەنگی کارۆموگناتیسییە و لەگەل شەبەنگی رووناکی و شەبەنگی تیشکی مایکرۆوێڤ تێکەڵ دەبێ. زاراوەی (near infrared) لە تیشکی ژێر سوور بە نزیکترین درێژی شەپۆل لە شەبەنگی رووناکی دەوترێ. زاراوەی (far infrared) تیشکی ژێر سوور بە نزیکترین شەپۆلی درێژ لە تیشکی مایکرۆوێڤی لە شەبەنگی کارۆموگناتیسی دەوترێ.