ڕووداو (فەلسەفە)
From Wikipedia, the free encyclopedia
لە فەلسەفەدا، ڕووداوەکان «ئۆبژەکان لە کاتدا» -ن یا «دەرکەوتن و خرانەڕووی تایبەتمەندییەکان لە ئۆبژەکاندا» -ن. بە پێی ھەندێ لە ڕوانگەکان، ئەوەی ڕووداو پێک دێنێ و بناخەی ڕووداوە، تەنیا گۆڕان و جووڵەیە، ئەویش لە شێوەی بەدەستھێنان یا لەدەستدانی تایبەتمەندییەک، بۆ نموونە، ژاکیان و سیسیانی گوڵ و گیا، ڕووداوێکە و گۆڕانێکیشە.[1] بەڵام، ڕوانگەی واش ھەیە کە پێی وایە تەنانەت نەگۆڕان و ھەروامانەوەی تایبەتمەندییەکانیش بۆ خۆی دەتوانێ ڕووداوێ بێ، بۆ نموونە، گەش و تەرچک مانەوەی گوڵ و گیا.[1][2] زۆربەی جارەکان، لە ڕووی میتافیزیکەوە، ڕووداوەکان بە تاک و تایبەت دەناسێندرێن، یانی پێچەوانەی تێکڕایییەکان، ناتوانن لە کاتێکی تردا دووپات ببنەوە.[2] پێڤاژۆ یا پرۆسە خۆی ڕووداوێکی ئاڵۆزە کە لە پاشیەکییەک لە ڕووداوگەلی سادەتر پێک ھاتووە.[3] ھەرچەند، خودی ڕووداوە سادەکانیش دەکرێ لە گوێن ھەبوویەکی ئاڵۆز ڕەچاو بکرێن کە، ئۆبژەیەک و کاتێک و ئەو تایبەتمەندییەی کە لەو کاتەدا لەو ئۆبژەیەدا وەک نموونە دەردەکەوێ، ھەر سێک، پێکەوە دەگلێنێ.[4][5]